نیلووفەڕ حامدی و ئیلاهە محەممەدی دوو ڕۆژنامەوانێک کە ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژ ١٤٠١ بە هۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و وێنەی ژینا ئەمینی و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لە تاوانی ڕژیم و دەزگای سەرکوتی لە کوشتنی ئەو لاوە کوردەدا گیرابوون و لەو کاتەوە لە زینداندا بوون، پاش ١٧ مانگ زیندانی بوون بە دانانی بارمتەی هەرکامە ١٠ میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی ئازادکران.

لە بەناو دادگایەکدا کە یەک ساڵ پاش گیرانی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بەڕێوەچوو نیلووفەڕ بە ٧ ساڵ و ئیلاهە بە ٦ ساڵ زیندان حوکم درابووون. کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە دەریخست کە چەندە لە ئازادیی ڕاگەیاندن دەترسێ چون بەرەوڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە لەو دەرفەتە هەرە کەمە و لە ناو ئەو سیستەمە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرەدا هەوڵ دەدەن هەواڵ و زانیاری بگاتە خەڵک. هەروەها ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشی ژینا کە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ژینا بە دەستی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت دەستی پێکرد دەریخست ڕاگەیاندن چەندە دەتوانێ لە بزواندن و جووڵاندی خەڵکدا دەوری هەبێ و ئازادیی ڕاگەیاندن چەند بۆ کۆمەڵگا گرینگە.

نیلووفەڕ حامدی و ئیلاهە محەممەدی لە بەناو دادگاکەیاندا کە تێدا بە “هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و پیلانگێڕان بۆ دژایەتیی ئەمنییەتی وڵات و تەبلیغات دژی کۆماری ئیسلامی” تاوانبار کرابوون ڕایانگەیاندبوو کە تەنها کارێک کە کردوویانە بەجێهێنانی ئەرکی ڕۆژنامەوانی و گەیاندنی هەواڵ بووە و هیچکام لەو تۆمەتانە قەبووڵ ناکەن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وێڕای خۆشحاڵی لە ئازادکرانی ئەو ڕۆژنامەوانانە، شێوازی داپڵۆسێنەر و دژە مرۆڤی دەزگاکانی سەرکوت و کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی ئیدانە و شەرمەزار دەکات و ئازادیی ڕادەربڕین بە مەرجێکی هەرە گرینگی ئازادیی کۆمەڵگا دەزانێ.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٢

١٤ی ژانڤیەی ٢٠٢٤

Share.
Leave A Reply