ڕۆژی27 ی رەشەمەی ساڵی 1366 هەتاویی گوردانی بەناوبانگی شوان، لە شەڕێكی نابەرانبەر و بە هۆی بەركەوتنی گازی شیمیایی، لە قەراغی چەمی سیروان شەهید كران. دواتر ئەو ڕۆژە بە هۆی زۆریی ژمارەی گیانبەختكردوان‌و، بە هۆی دەور‌و نەقشێك كە گوردانی شوان لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان‌و كۆمەڵە هەیبوو، وەك ڕۆژی شەهیدانی كۆمەڵە ناودێر كرا.

ڕاوه‌ستان – بۆ شه‌هیدانی گوردانی شوان – فه‌ره‌یدون ئه‌رشه‌دی

شیعره‌ بۆ ‌ساته‌ سه‌ربه‌رزه‌کانی شه‌هیدبوونی پێشمه‌رگه‌کانی گوردانی شوان نووسراوه‌ که‌ له‌ بارودۆخێکی نابه‌رانبه‌ری نێزامی دا، به‌رانبه‌ر به‌ هێزه‌کانی رژیمی ئیسلامی ئیران، قارمانانه‌ ڕاوه‌ستان.

له‌ تووله‌ڕێی بارانه‌وه‌

سه‌رێ ئه‌ده‌م له‌ نه‌زه‌رگه‌ی دووره‌ده‌ستی گڵکۆکانتان

له‌ گه‌ڵ خۆمدا مێژووش دێنم

تا گوێ بگرێ له‌ چیرۆکی نه‌به‌زیی و جوامێریتان.

ئێوه‌ چ که‌ڵه‌مێردی ئه‌فسانه‌و

کام شۆڕسواری داستانی باس نه‌کراوی ئه‌م سه ر‌ده‌مه‌ن

وا له‌ ساتی زۆرانبازی ژین و مه‌رگ و

له‌ ململانێی شه‌ره‌ف و سه‌رشۆڕیدا

هه‌ر به‌ ته‌نیا

باڵای ناسکی قامیشه‌ڵان

سه‌نگه‌رتان بوو؟

له‌و گه‌مارۆی شه‌وه‌زه‌نگ و

له‌به‌ر زه‌بری شاخ ۆ حۆچی دوو که‌ڵه‌گای شێت و هارا

له‌و گریان و پاڕانه‌وه‌ی دارو ده‌وه‌نی بنارێکی نیشتمانا

که‌ مانگی پشت هه‌وره‌کانیش نه‌یده‌توانی تریفه‌ی خۆی

بۆ هاوده‌میی ئاوی گه‌رمی قومقومه‌کانتان بنێرێ

ده‌بێ چه‌ند جار

ترس هاتبێ و

له‌رزۆک

له‌رزۆک

به‌لاتاندا رۆشتبێت و پێی نه‌کرابێ

په‌نجه‌کانتان له‌ گه‌رده‌نی چه‌کی ئامانج بکاته‌وه‌؟

له‌و ئه‌زموونی تینوویه‌تی و

گاڵته‌ کردن به‌ برسیه‌تی و مه‌ترسییه‌دا

ئاخۆ چه‌ند جار

به‌ به‌رچاوی مراوییه‌کانی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌

مه‌رگ هاتبێ و

په‌نجه‌ی له‌ ترپه‌ی دڵتان و

ئاره‌قه‌ی ژێر چه‌ک و ڕه‌ختتان سویبێت و

هه‌ڵله‌رزیبێ؟

ئه‌و کاته‌ وا تاریکایی له‌ مناره‌ی قه‌ڵاچۆوه‌

ده‌ستی له‌ بن هه‌ردوو گوێچکه‌ی توند کردبو

بۆ کوشتنی ماسی دڵ و گزنگی ڕۆحی ده‌ریاییتان

بانگی ده‌دا

ئێوه‌ له‌سه‌ر به‌رماڵی چه‌ک

بۆ نوێژی سه‌ربه‌ستیی خاک و

حه‌سانه‌وه‌ی هه‌ژارانی ئه‌م نیشتمانه‌ هه‌تییوه‌

ڕاوه‌ستابوون!

ئێوه‌ ویستتان کۆتری ئاواتی مناڵی لادێ،

نانی گه‌رمی سفره‌مان و گۆرانی گه‌نجێکی شه‌یدا

به‌ سه‌ربه‌ستی باڵ لێبده‌ن و

ئاسمانی داهاتوومان بنه‌خشێنن.

ئێوه‌ ویستتان

کووله‌که‌ی رۆحی دێو وردوخاش که‌ن

تا جووتیارانی چه‌وساوه‌ی ئه‌م چیاو دۆڵه‌

هه‌ناسه‌یه‌ک له‌ بۆنی یاسی متمانه‌ هه‌ڵمژن.

بۆیه‌ گۆڵ و ئاو و خاکی ئه‌م وڵاته‌ پڕ کسپه‌یه‌

له‌ به‌ر ناوی نه‌مرتاندا

سه‌ری کڕنۆش دێنننه‌ خوار!

له‌م هاوینه‌ چاوسوور به‌ فرمێسکی دووریتاندا

دێم و ده‌ستی ئاره‌زوومه‌ندم

ده‌خه‌مه‌ ناو ناخی شینی ده‌ریاچه‌که‌ی ده‌ربه‌ندیخان

بۆ مرواری دوایین سروودتان ده‌گه‌ڕێم.

قامیشێکی هاوسه‌نگه‌رتان هه‌ڵده‌گرم

دوایین خۆزگه‌ی خۆشه‌ویستیی دڵی ئێوه‌ و

ئه‌شقی خاک و

ماڵاوایی په‌ڕه‌سێلکه‌ی نیگاتانی

پێده‌ژه‌نم.

Share.
Leave A Reply