ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە بۆنەی بەخشرانی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینای ڕەمزی شۆڕش

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی مانگی دێسامبر خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادیی بیر کە بەخشرابووە ژینا ئەمینی، ڕەمزی شۆڕشی ژینا، ئەو شؤڕشەی کە لە کوردستانەوە دەنگی ژن ژیان ئازادیی گەیاندە جیهان، بە ڕەسمی پێشکەش بە نوێنەری خانەوادەی ژینا بەڕێز ساڵەح نیکبەخت کرا.

بەخشرانی ئەم خەڵاتە بە ژینا ئەمینی دەریخست مەرگی دڵتەزێنی ژینا و کاردانەوەی کوردستان بەرانبەر بەو تاوانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەنگدانەوە و ئاسەواری چەندە بەهێزی لە ئاستی دەرەوەی کوردستان و جیهاندا بووە و چەندە کۆمەڵگای جیهانییش سەرەڕای دەسنەڕۆشتووی کورد لە ناوەندە نێونەتەوەییەکاندا ئەو کاریگەرییەی بینیوە و دانیپێداناوە.

شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی کوردستان بە پێشینەیەکی گەورەی خەباتکارانە و ناڕەزاییەکی بەرین کە داگیرکاری و ستەم و چەوسانەوە لە کۆمەڵگادا خولقاندوویەتی جارێکی دیکە و بەرینتر لە هەمیشە و بە دروشمی نوێ و داواکاریی ڕوونتر و ڕادیکاڵتر هاتە مەیدان و ئەگەر تەشەنەسەندنی ئەو خەباتکاری و بوێرییە بۆ ئێران بە هەمان قەبارە و بە هەمان قووڵیی کوردستان بوایە بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی ئیسلامیی ئێرانی هەڵپێچابوو.

بە بەخشرانی ئەم خەڵاتە بە ژینا ئەمینی شۆڕشی ژینا زیاتر لە جیهاندا دەنگی دایەوە. با بەخشرانی ئەم خەڵاتە بە ڕەمزی شۆڕشی ژینا، ببێتە هەوێنی یەکخستن و هاوپشتی لە کوردستان و سەکۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی خەباتی درێژخایەنی نەتەوەی کورد بۆ سەرەوەریی سیاسی و ڕزگاری و دەرکردنی دەسەڵاتی داگیرکەر، بۆ ئازادی و یەکسانیی ڕەگەزی و عەداڵەتی ئابووری و کۆمەڵگایەکی ئینسانی. ئەم خەڵاتە وزەبەخشە بۆ ژنانی کوردستان و بڕوابەخۆی زیاتریان پێدەدا و دەور و نەخشیان لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و خەباتی یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانەدا دەردەخا و دیاربوون و یەکلاکەرەوەبوونی دەوریان لە شۆڕشی ژینادا دەسەلمێنێ. ئەم خەڵاتە پشتگەرمییەکە و دداننان بە ڕەوایەتیی خەباتێکی دوورودرێژە و ئەمڕۆ و پاش ئەم شۆڕشە نەتەوەی کورد زیاتر لە جاران و بە دەنگێکی بەرزتر و بە سەربەرزییەوە باسی خواست و ویست و ئاواتەکانیان دەکەن باسی داوا ڕەوا و ئینسانییەکانی دەکەن و شێلگیرانە هەموو دەسەڵاتی کۆماری داگیرکەری ئیسلامیان لە کوردستان، کردووەتە ئامانج.

ئەم شۆڕشە لە ئەوانەی وا بە بێ گرینگیدان بە سەدان گیانبەختکردووی ئەم شۆڕشە و هەموو ئازارەکانی خەڵک لەم ڕاپەڕینەدا بەدوای قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە بوون خۆش نابێ. ئەوانەی بەرژەوەندیی نەتەوەییان پشتگوێخست و کردیانە قوربانیی دەسەڵاتخوازی و بیری بەرتەسکی خۆیان و بوونە هاوپەیمانی فاشیستترین گرووپ و ڕێکخراو و تاکە پاوانخوازە ناوەندگەراکان و لە سەردەمی بەرزبوونەوەی دروشمی “داگیرکەری ئێرانی قاتڵی ژینامانی” چوونە ناو گرووپی سلێبریتی و خانەوادەی کۆنە دیکتاتۆرەکان و بە ناوی نوێنەری کوردەوە نکۆڵییان لە بوونی نەتەوەی کورد کرد، وەڵامێکی توندیان لە کوردستان و نەتەوەی ڕزگاریخوازی کورد وەرگرت. ڕێگەی شۆڕشی کوردستان و هەڵوێستی نەتەوەی کورد بەرانبەر بە داگیرکاری و فاشیزم ڕوونە و کەس بۆی نییە بیکاتە دەسمایەی ئاواتە تاکەکەسی و حیزبییەکانی خۆی.

بە بۆنەی بەخشرانی ئەم خەڵاتەوە پێویستە دووپاتیکەینەوە شۆڕشی ژینا و ژن ژیان ئازادی ئاسۆیەکی ڕوون و وێنەیەکی زوڵاڵی لە کوردستانێکی پێشکەوتوو، ئازاد، یەکسان و مرۆڤانی نواندووە، ئەم شۆڕش ڕوو لە داهاتوویە و هەرجۆرە وەهم و گەندەباوەڕ و گەڕانەوە بۆ دواوە بە تەواوەتی ڕەتدەکاتەوە.

بەخشرانی ئەم خەڵاتە بە ژینا ئەمینی لە خانەوادەی گیانبەختکردوو بەتایبەتی موژگان خانم و کاک ئەمجەد دایک و باوی ژینا پیرۆزبایی دەکەین. بوێری و حەقخوازی و بێدەنگ نەبوونیان دەورێکی گرینگی لە لێدرانی چەخماخەی شۆڕشدا هەبوو و تا ئێستەش ئازایانە و کۆڵنەدەرانە بەرانبەر بە گوشاری دەزگا سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئێران خۆڕاگر بوون، هەردووکیان سەمبولێکی جێگەی ڕێز و لێفێربوونن لەم شۆڕشەدا و شیاوی باڵاترین خەڵاتی خۆڕاگری و ئازایەتین.  

ئەم خەڵاتە هی هەموو ئەو کەسانەیە کە لە ڕێگەی ئەم شۆڕشەدا گیانیان بەخت کرد، برینداربوون، ئاوارەبوون یان بە هەر شێوەیەکی دیکە ئازاریان چەشت. خەڵاتی گەورەتر بۆ ژینا و شۆڕشگێڕان و خەڵکی خەباتکاری کوردستان سەروەری، ڕزگاری و ژیانی بەختەوەری دواڕۆژە لە کورستان.

ژینا گیان تۆ نەمردی، ناوت بوو بە ڕەمز

ژن، ژیان، ئازادی

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ـ سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی

٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢

١٣ی دێسامبری ٢٠٢٣

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
Share.
Leave A Reply