بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز هاوڕێ عەلیی قادری یەکێک لە تێکۆشەرانی ئاڵای سوور و دۆست و چالاکی کۆمەڵە لە سەر سنووری ئاسنەوەی مەریوان کەوتە بەر تەقەی چەکدارە سەرکوتکارەکانی سپای داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانی بەختکرد.
هاوڕێ عەلی ئینسانێکی زەحمەتکێش بوو و سەرەڕای سەختی ژیان و هەوڵی بۆ دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ سێ منداڵەکەی، بە هەر شێوەیەک کە بۆی بکرایە پشتیوان و یارمەتیدەری کۆمەڵە بوو و هاوڕێیەکی تێکۆشەر و جێگەی متمانە بوو.
ڕژیمی ئێران بە کوشتن و گوشار خستنە سەر خەڵک بە هەموو شێوەیەک و لەوانە بە تەقە لە کۆڵبەرانێک کە لەبەر سیاسەتە داگیرکارانەکانی ئەو ڕژیمە ناچار بەو کارە دەبن، ڕۆژانە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان تاوان دەخولقێنێ و لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئەمڕۆ دەستی بە خوێنی هاونیشتمانانمان سوورە، جا چ تێکۆشەرانی سیاسی و پێشمەرگە بن یان کۆڵبەران و خەڵکی هەژار کە بوونی ئەم ڕژیمە هۆکاری سەختی و باری خراپی ئابورییانە.
ئەم تاوانەی حکوومەت بە توندی مەحکووم دەکەین و سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری هاوڕێ عەلی قادری بەتایبەت سێ منداڵەکەی دەکەین و خۆمان بە بەشداری خەمیان دەزانین.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢
١٨ی دێسامبری ٢٠٢٣