لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕژیمە ئیسلامییەکانی ئێران و پاکستان بە دروشمی اللە اکبر یەکیان بە بیانووی لێدانی تیرۆریستان و ئەوی دیکەیان بە ناوی تۆڵەی ئەو هێرشەوە، خەڵکی سڤیل و بێتاوانی بەلووچستانیان کردە ئەمانج و چەندین کەس لەوانە چەند منداڵ لەو هێرشانەدا کوژران.

دەسەڵاتدارانی فاشیستی ئێران و پاکستان کە بەلووچستانیان لە نێواندا دابەش کراوە و لە هەردوولاوە نەتەوەی بەلووچ دەچەوسێننەوە و هەرکامەیان هەوڵ دەدەن دانیشتوانی وڵاتەکەی دیکە بکەنە داردەستی خۆیان و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان بێنن، لە کاتی کێشە نێوانیاندا هێرش دەکەنە سەر ئەو خەڵکە هەژارەی لە سامانی وڵاتەکان کەمترین بەشیان هەیە و زۆرترین پشکیان لە سەرکوت و بێمافی بەرکەوتووە.

بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بێشەرمانە دەڵێن کوژراوەکان خەڵکی بێگانەن و بەو شێوە بە ئاشکرا نیشانی دەدەن نەک هەر هیچ بایەخێک بۆ گیانی ئینسانەکان دانانێن بەڵکوو ئامادەن هەزاران کەس بکەنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتەکەیان. لە ڕاستیدا جیا لەوەی کوژراوەکان هەڵگری ڕەگەزنامەی کام وڵات بن بۆ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەر بێگانەن. هەر ئەو کەسانەن کە بەدرێژایی هەموو دەسەڵاتی ڕەگەزپەرەستی ئێران بێبەش بوون و سەرکوتکراون و هەر وەکوو کوردستان وەکوو وڵاتێکی داگیرکرا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. بۆ حکوومەتی ئیسلامیی پاکستان کە پشتیوانی گەورەی تاڵبان و هێزە کۆنەپەرەستەکانە دیسان خەڵکی بەلووچ بێگانەن و گیانیان بایەخی نییە و لە کایەی دەسەڵاتیاندا و بۆ “بەهێز” دەرکەوتن لە باتی ئەوەی هێرش بکەنە سەر بنکەی سەربازی و ناوەندە چەکدارەکانی ئێران هێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل و منداڵانی هەژاری بەلووچستان.

ئەم شێوە هێرشە فاشیستییانەی دوو دەسەڵاتی داگیرکاری ئێران و پاکستان بۆ سەر بەلووچستان هەمان سیاسەتە کە داگیرکارانی کوردستان ساڵهایە بەڕێوەی دەبەن. سیاسەتێکی نامرۆڤانە و ڕاسیستی کە خەباتی درێژماوە و کۆڵنەدەرانەی کوردستان و بەلووچستان بەرانبەری ڕاوەستاون و ڕۆژێک دادێ قەڵای داگیرکاری بڕووخێ و نەتەوەی کورد و بەلووچ بگەنە سەربەستی و ئازادی.  

هاوخەمی بنەماڵە و کەس و کاری کوژراوانی هێرشە تیرۆریستییەکانی ڕژیمەکانی ئێران و پاکستان بۆ سەر بەلووچستانین و ئەو تاوانە بە توندی شەرمەزار دەکەین.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٢

١٩ی ژانڤیەی ٢٠٢٤

Share.

Leave A Reply