خەڵكی خۆڕاگر و ئازادیخوازی كوردستان
بنەماڵەی گیانبەختكردوان

ئەمڕۆ 10ی رێبەندان مانگرتنی شكۆداری ئێوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە لەسێدارەدانی چوار تێكۆشەری كورد و دژایەتی لەگەڵ سزای ئێعدام و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، جارێكی دیكە ئەو راستییەتان سەڵماند كە خەڵكی كوردستان بە بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ جیاوازییەك خاوەنداریی رۆڵە تێكۆشەرەكانی خۆی دەكات.
كوردستان جارێكی دیكە نیشانیدا كە بە هەموو شێوەیەك دژی دەسەڵات و داگیركاریی كۆماری ئیسلامی لە كوردستانە و وەك هەمیشە “نا”یەكی گەورەی بە كۆی رژیمی كۆماری ئیسلامی وتەوە. دەستان خۆش بێت و خۆڕاگریی و ورەی بەرزتان جێگای رێز و ستایشە.

وێنەیەكی دیكەی حەماسە مێژوویەكەی ئەمڕۆ لە زێدی ئەو گیانبەختكردوانەدا نیشاندرا و بنەماڵەی سەربەرزی ئەو چوار شەهیدە بە سازادانی رێوڕەسمێكی شكۆدار و بێ وێنەیەی كە لە گەڕەك و ماڵەكانی خۆیاندا رێزیان لەیادی ئازیزانیان كردەوە، بە تایبەت دایكە جەرگسووتاو و ئازیزەكانیان ورە و شكۆیەكی تایبەتیان بەمەراسیمی رێزگرتن لەو ئازیزانە بەخشی.

خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان ئەو راستییەی بە كۆماری ئیسلامی سەلماندوە كە بە زیندان و ئەشكەنجە و ئێعدام ناتوانێت ورەی بەرزی خەڵكی كوردستان بشكێنێت و مانگرتنەكەی ئەمڕۆش نیشانیدا كە جەماوەری خەڵكی كوردستان خوازیاری روخانی دەسەڵاتی رژیمی كۆماری ئیسلامییە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان جارێكی دیكە تاوانی دڕندانەی لەسێدارەدانی 4 تێكۆشەری كورد و ئێعدامی خەباتكارانی سیاسی مەحكوم دەكات و سەری رێز و ستایش بۆ خۆڕاگری و ورەی قایمی خەڵكی كوردستان دادەنەوێنێت.

كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
10ی رێبەندانی 1402 / 30ی ژانویەی 2024

Share.

Leave A Reply