هۆکارە سیاسی و حیزبییەکانی شکستی پرۆسەی یەکگرتنەوە
(پەسەندکراوی پلێنۆمی شانزدەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
تێکۆشەرانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی
دڵسۆزان و خەباتکارانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان
چالاکانی بزووتنەوەی چەپی کوردستانی
یەکسانیخوازان و ئازادیخوازانی کوردستان:
له دهرنجامی ههوڵێك كه له لایهن دڵسۆزانی شۆرشی كوردستان و هاوڕێیانی دێرینی نێۆ ئاڵقهی كۆمهڵهوه له گهڕدا بوو ئێمه وهك كۆمهڵهی زهحمهتكێشانی كوردستان وێڕای به ههند وهرگرتنی ئەو داخوازییە دڵسۆزانهیە، چالاكانه هەوڵمان بۆ یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە دا و سهرهنجام له مانگی نوامبری ٢٠٢٢ دەسپێکی فەرمیی پرۆسەی یەکگرتنی دوو حیزبی کۆمەڵەی زەحمەکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندرا.
دەسپێکی فەرمیی پرۆسەکە، دوای چەند مانگ له پچران و ڕاگیران و تووشی بنبەست بوونی پڕۆسەکە و داخرانی دەرگای دیالۆگ، کوتوپڕ له سمینارێک که بۆ بابەتی دیکە ئامادە کرابوو و به بێ ئاگاداری هەر دوو کومیتەی ناوەندی و تەنانەت لێژنەی هاوبەش بۆ یەکگرتنەوە و وەکوو دواتر دەرکەوت لە ئاکامی ڕێککەوتنێکی دوو کەسی و ژێربەژێر و تاکڕەوانەی دوو سکرتێر ڕاگێندرا، که ناڕەزایەتی و ڕەخنەی لە هەر دوو کومیتەی ناوەندی لێکەوتەوە.
سەرەڕای ئەو هەنگاوە نادموکراتیک و ناسەمیمانەیە هەموو هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە گشتی و هاوڕێیانی کومیتەی ناوەندی بە تایبەتی، به دڵ فەراوانی و بەلەبەرچاوگرتنی ناوەرۆکی یەکگرتنخوازانەی شۆڕشی ژینا و ڕێز بۆ جەماوەری ڕاپەڕیو و خواستی بەرین و دڵسۆزانەیان بۆ یەکگرتوویی کورد و هێزە سیاسیەکانی، بەو هیوایەی لە حیزبی هاوبەشدا وەکوو سوننەتی کۆمەڵە بە هێز وەرگرتن لە خەباتی جەماوەری و کاری دڵسۆزانە و هاوڕێیانە بتوانین لەمپەرەکان بشکێنین و گرفتەکان چارەسەر بکەین و خاڵە لاوازەکان بگۆڕین و ببینە خاوەن و میراتگری ئەو حیزبەی جێگە پەنجەی لە ناو مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا دیارە و دەتوانێ لە دڵی خەڵکی چەوساوەی کوردستاندا چرای هیوا بە دواڕۆژ و ژیانێکی شیاوی مرۆڤی سەردەمی داگیرسێنێ، دانمان بە خۆدا گرت و چاوپۆشیمان له بەشێک لە مافە حیزبییەکانی خۆمان و بە شێوەی کاتی لە ڕەخنەکانمان کرد.
پاش زیاتر لە شەش مانگ لە ڕاگەیاندنی ڕەسمیی ئەو پرۆسەیە، هەوڵی یەکگرتنەوە بە هۆکاری گەورەی سیاسی و بە هۆی پاوانخوازیی حیزبی ئاڵقەی نزیک لەدەسەڵاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەبارچوو و نەگەیشتە ئاکام.
لە دەرەنجامی قەبووڵ نەکردنی ئەو ڕاستییە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نایەوێ بەشێک لەو پرۆژە سیاسی و حیزبییە بێ کە لە ناوەرۆک و فۆرمدا لەگەڵ خواست و ویستی جەماوەر و بزووتنەوەی کوردستان و داهێنانەکانی شۆڕشی ژینا ناتەبایە ئێمە بەردەوام بوونی خەباتمان لە چوارچێوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانمان ڕاگەیاند بەڵام پاوانخوازی و سەرەڕۆیی بڕیاردەرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و هێرشیان بۆ سەر ئوردووگای ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەداخەوە گیانبەختکردنی دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی لێکەوتەوە.
هۆکارەکانی ئەو بڕیارە لە دوو خاڵی سەرەکیدا بۆ ئاگاداریتان ڕادەگەینین:
یەکەم: لە باری حیزبی و تەشکیلاتییەوە
١. پاش ڕاگەیەندرانی یەکگرتنەوە (کە لە ڕاستیدا دەسپێکردنی ئاشکرای پرۆسەی یەکگرتن و نەک کۆتایی یەکگرتنەوە بوو) لە حاڵێکدا لە کاتی وتووێژەکان بۆ یەکگرتنەوە لەسەر ئەو تەوافوق کرابوو کە تا گرتنی کونگرە سیستمێکی حیزبیی هاوبەش کارەکان بەڕێوەبەرێ بەڵام بە کردەوە هەوڵدرا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناو سیستەمی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا دا بتوێتەوە و هەموو شێوە کار و قەرار و سیستمی ئەو لایەنە زاڵ بوو و کارەکان بەو شێوەی ئەوان تا ئەوکات کردبوویان بەردەوام بوون.
٢. پاش ڕاگەیاندنەکە دەرکەوت ڕوانینی خەمخۆرانەی ئێمە بۆ یەکگرتن جیاوازبووە لەگەڵ ڕوانین و پلانی ئەوان. بۆ ئەو لایەنە لەڕاستیدا ئەمە هەوڵێک بۆ تواندنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و لەناوبردنی مێژوو و بایەخە سیاسی و حیزبییە جیاوازەکانی و زاڵکردنی تەواوی سیاسەت و شێوەکاری خۆیان بووە. نەبوونی ڕۆحی هاوڕێیەتی و خۆ بە خاوەن ماڵ زانین و خەڵکی دیکە بە “مولحەق بوو” و ” ئەوانەی گەڕاونەتەوە” دیتن و باس لە “هاتنەوەی هاوڕییان” دەرخەری شێوازی ڕوانینی جیاوازمان بە هەوڵ بۆ یەکگرتنەوە بوو.
٣. کەڵەکەبوونی دەسەڵات یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانە بوو کە لە ڕوانگەی ئێمەوە خزمەتی بە کۆمەڵە و بزووتنەوەی نەتەوەی کورد نەدەکرد و بەر بە گەیشتن بەو ئامانج و دەسکەوتانە دەگرت کە ئێمە بۆ یەکگرتن دیاریمان کردبوو و لە باری سیاسی، تەشکیلاتی و ماڵییەوە گرفتی گەورە و هەڵەی گەورەی لێدەبووەوە، ئاکامەکانیش ئەوەی سەلماند. بە کورتی دەبێ بڵێین دەسەڵاتێکی چڕی ڕەها لە دەستی چەند کەسدا کە لە باری سیاسییەوە بوو بە هۆی هەڵەی گەورە و لەباری تەشکیلاتییەوە جۆرێک لە دەسەڵاتی تاکڕەهەندی و بێبەشکردنی بەشێکی گەورە لە ڕێبەریی حیزب لە بڕیاری سیاسیی پەرەپێدا، ئەمە خاڵێکی سەرەکیی ناڕەزایی لە شێوەکاری باو بوو. کاردانەوەی توند بەرانبەر بە ڕەخنە و ڕادەربڕینی هاوڕییان تەنانەت لە کۆبوونەوەکانی ک.ن دا و ڕێگەنەدان بە دیالۆگێکی سەردەمیانە بۆ دۆزینەوە و داڕەشتنی سیاسەت و شێوەکاری شیاو و تەنانەت هێرش بۆ سەر بیرجیاوازن و ڕەخنەگران لە دنیای مەجازیدا بۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نامۆ بوو و ئەو شێوە کارە ڕەخنەی توندی بەدواوەبوو. بەرگرتن بە دیالۆگی ئازاد و بەشداریی هاوڕییان لە باسە سیاسییەکان لە پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکاندا و لە دنیای مەجازیدا و هەوڵ بۆ کۆنترۆڵ و تاکڕەهەندی کردنی بیروڕا و نواندنی قسەی چەند کەسێک وەکوو بۆچوون و نەزەری هەموو کۆمەڵە، ئەو فاکتۆرە بوو کە دەریخست نەک هەر دەسەڵاتی حیزبی بەڵکوو هەوڵ بۆ پاوان کردنی دەسەڵاتی سیاسیش دەدرێ.
٤. پێداگری لەسەر ئەوەی بە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان بیسەپێنن کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان تەواو بووە و یەکگرتن گەیشتووتە ئەنجام، لە حاڵێکدا کە بە پێی یاسا و ڕێسای کاری حیزبی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و بە پێی بڕیاری ک.ن کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە پرۆسەی وتووێژەکاندا تەنها کونگرەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانە کە دەتوانێ بڕیاری کۆتایی پرۆسەی یەکگرتن و کار کردنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە چوارچێوەیەکی نوێدا بدا.
دووهەم: لە باری سیاسییەوە
جیا لەو گرفتە حیزبییانەی ئاماژەیان پێکرا و بوونە ڕێگری تەشکیلاتیی پرۆسەی یەکگرتنەوە و نەیانهێشت ئەو هەوڵە بگاتە ئاکام، هەڵوێستە سیاسییەکان و لێکەوتەکانی ئەو هەڵویستانە و کاریگەریی نەرێنییان لە سەر جێگە و پێگەی کۆمەڵە لە ناو بزووتنەوەی کوردستان و بەتایبەتی لە سەردەمی هەستیاری شۆڕشی ژینا و خرۆشانی جەماوەری مافخواز لە کوردستاندا، هۆکاری سەرەکیی بەرەو هەڵدێر بردن و ناسەرکەوتوو بوونی پرۆسەی یەکگرتنەوە بوو.
چەن نموونەیەک لەو هەڵوێستە سیاسییانەی کە لەم دەورەیەدا بوون بە کۆسپ و ڕێگر و کەلێنی گەورەی سیاسی و ستراتیژی له بەردەم ڕەوتی یەکگرتنەوە که تازە دەستی پێکردبوو و لەڕوانگەی ئێمەوە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد و خەڵکی چەوساوەی کوردستان و ئامانج و ئاسۆی حیزبێکی کوردستانی چەپ و به تەواوی له گەڵ ڕێباز و سیاسەتەکانی زیاتر لە ١٥ ساڵ چالاکیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوون، ئەمانەن:
١. لەبیرکردن و بایەخنەدان بە خەباتی جەماوەری:
لەباتی پشتبەستن بە هێزی جەماوەری ڕاپەڕیو و هەوڵ بۆ هاوپەیمانییەکی بەرینی کوردستانی، پشت بەستن بە دەسەڵاتی دەرەکی و هیوا هەڵچنین لەسەر ئەوان بۆ سەرکەوتن و سات و سەودای پشتی پەردە ئەکتێکی سیاسیی ناتەبا لەگەڵ مێژووی کۆمەڵە و پێویستییەکانی ئەمڕۆی خەبات لە کوردستانە کە خۆی لە پشتبەستن بە هێزی جەماوەر و لەبەرچاوگرتنی خواستی بزووتنەوەکە و ناوەرۆک و هێزەکانی بەشدار لەو بزووتنەوەیە مانادەکاتەوە. هاوپەیمانی لەگەڵ کوڕی دیکتاتۆری پێشووی ئێران کە هیچ پێگەیەکی ڕاستەقینەی لە ناو خەباتی شەقامدا نییە و بە تەواوەتی دژی ناوەرۆکی شۆڕشی ژینایە و خۆی یەکێک لە تاوانبارانی ئازارەکانی نەتەوەی کورد و میللەتانی دیکەی دانیشتووی ئێرانە، نموونەی هەرە زەقی ئەو لادان و بڕیارە سیاسییە هەڵەیە بوو کە پشتی لە جەماوەر و هێز و ویستی جەماوەر کردووە. ئەوان کاری دیپلۆماتیک و هەوڵ بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی و دروستکردنی هاوپەیمانی وەک یەکێک لە پێویستیەکانی خەباتی نەتەوەی کوردیان لە گەڵ قوربانی کردنی بایەخە سیاسیاکانی کۆمەڵە بۆ هاوکاری لەگەڵ چەند گرووپێکی دابڕاوی بێ پێگە و جێگە لە ناو جەماوەردا، گۆڕیەوە.
٢. بەشداری کردنی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وەکوو تاک لە کۆڕ و کۆبەند و مەحفەلی سیاسیی نامۆ لەگەڵ کۆمەڵە و دوور لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی چەوساوەی کورد و سەپاندنی بار و هەزینەی ئەو بەشدارییانە بە سەر کۆمەڵەدا.
٣. واژۆکردنی مەنشووری جۆرج تاون وێڕای ئەوەی کە بەپێچەوانەی ڕۆحی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و ویستی جەماوەری ڕاپەڕیوی کوردستان و گیانبازیەکانیان بوو ــ ویستی گەلێک کە ڕزگاری لە ستەمی داگیرکەران یەکێک لە سەرەکیترین خواستەکانیان بوو و ئەمە لە هەموو خۆپیشاندان و دوروشمەکاندا ڕەنگیدابووەوە ــ ڕێک بە پێچەوانەی بەرنامەی سیاسیی پەسەندکراوی کونگرەی ١٣ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو کە بە ڕوونی باسی مەرجی هاوپەیمانی دەکا و دەڵێ: “کۆمەڵە بەڕەسمییەت ناسینی مافی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان و بەرگری لە خەباتە دیموکراتیک و ئازادیخوازنەکەی بە مەرجی چوونە ناو هەر ئیئتیلافێکی سەرتاسەریی لە ئێران دەزانێت .” جێگەی وەبیرهێنانەوەیە بۆ چوونە ناو ئەو گرووپەی جورج تاون و واژۆکردنی ئەو مەنشوورە تەنانەت پرس بە ک.ن کۆمەڵە (بە هەردوو حیزبەکەوە) نەکرا.
مەنشووری جۆرج تاون، بە شێوەی گشتی لە لایەن ئێمە و ژمارەیەک لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیشەوە قبووڵ کراو نەبوو و پشتیوانی و پێشوازیی لێنەکرا و بەشێوەی تایبەت ئەم چەند خاڵەی ئاماژەیان پێدەکەین، دژی هەموو بنەماکانی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵەیە:
ئا: دابەزاندنی نەتەوەی کورد تا ئاستی قەوم کە ئەدەبیاتی ناوەندگەراکان و ئێرانشارییەکان و داگیرکەرانی کوردستانە.
ب: باس لە “پذیرش گوناگونی زبانی، قومی (اتنیکی)، مذهبی و فرهنگی” و نەک ددانپێدانان بە مافی نەتەوەکان و زمانی دایکی و کەمینە ئایینیەکان.
پ: هەوڵ بۆ سڕینەوەی تاوان لەسەر سپای پاسداران کە نەک هەر لە ئێران بەڵکوو لە هەموو دونیا بە هێزێکی تیرۆریستی و دژە مرۆڤ ناسراوە و بە درێژایی تەمەنی دەستی بە خوێنی خەباتکاران و ئازادیخوازان بەتایبەت لە کوردستان سوورە لە خاڵە هەرە ناپەسەن و قەبووڵ نەکراوەکانی ئەو مەنشوورەیە. پلان بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەو هێزە لەگەڵ ئەرتەش و سپاردنی ئەرکی پاراستنی یەکپارچەیی ئێران بۆ ئەو ئەرتەشە لە ڕاستیدا کردنەوەی ڕێگە دەست بۆ هێزی نیزامی بۆ سەرکوتی هەموو مافخوازییەکی نەتەوەی و هەموو ئەو نەتەوانەیە کە ئامادە نین لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە، لە حاڵێدا بە درێژایی مێژووی کۆمەڵە مافی دیاریکردنی چارەنووس مافێکی سەلمێندراوی نەتەوەی کورد و میللەتانی دیکەش بووە و ئێستاشێ لەگەڵ بێت لە بەرنامەی سیاسیی کۆمەڵەدا هاتووە.
ت: بێدەنگی کردن لە زەروورەتی هەڵوەشاندنەوەی زمان و مەزهەبی ڕەسمی وەکوو هێماکانی دەسەڵاتی ناوەندگەرا بۆ تواندنەوەی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران و دروستکردنی “ناسنامەی نەتەوەیی” هاوبەشی زۆرەملی بۆ هەموو میللەتانی دانیشتووی ئێران.
واژۆکرانی ئەو مەنشوورە دوابزمار بوو لە تابووتی هەوڵ بۆ یەکگرتنەوە دراو و دڵنیای کردین نەک هەر تەنها لەبەر هەوڵ بۆ تواندنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، نەک هەر لەبەر شێوەی نادیموکراتیکی دەسەڵات و حیزبایەتی، نەک هەر لەبەر نەبوونی دەرفەت و ڕۆحی کاری هاوبەش و چاکسازی بەڵکوو هاوکات و بەتایبەتی لەبەر جیاوازیی تەواوی ڕوانین سیاسی پروسەی یەکگرتنەوە لەبار برا و گەیشتنە ئاکامی نامومکین کرا، مەسئولییەتی ئەم ناکامییە دەکەوێتە سەر شانی هەر دوو سکرتێرەکە که به جێگای هەوڵ بۆ بونیادنانی کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو و بەهێز هەوڵیان دا له سازان و ڕێککەوتنی دوو به دوو یان لە مەحفەلێکی بچووک بەو جۆرەی خۆیان دەیانویست ئەم پرۆسەیە له ژێر ناوی یەکگرتنەوە ببەنە پێشەوە.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و لە ئێران و هەموو جیهان دەنگی دایەوە، خاوەنی دەسکەوتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و خەباتکارانەی حاشالێنەکراوە و دەورێکی مێژووی لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و بایەخەکانی، بە تایبەتی لە کوردستان هەبوو و ئەمە گرینگییەکی تایبەتی داوەتە ئەم دەورەییەی خەبات. ئەم شۆڕشە هەم لە بەر ناوەرۆکی کە کاکڵەکەی خۆی لە دوروشمی ژن ژیان ئازادیدا دەرخست و هەم لە بەر بەرینایەتی و دەنگدانەوە جیهانییەکەی و هەم لە بەر فرەڕەهەندی و ئافراندنی هاوپشتی و هاوخەباتی لە نێوان توێژ و نەتەوە جۆراوجۆرەکان (کورد و بەلووچ و نەتەوەکانی دیکە، ژنان و پیاوان، بنەماڵەی پەلکەزێڕینە، جیلی دوێنێ و لاوەکانی ئەمڕۆ، خوێندکاران و کرێکاران، مامۆستایان و بازاڕییەکان و …) کاریگەرترین شۆڕش، ئاخێز و ڕاپەڕینی سەردەمە.
شۆڕشی ژینا لەبەر ئەو تایبەتمەنییانەی زۆر زوو بوو بە پێوەرێک و ئامرازێکی هەڵسەنگاندن بۆ چالاکیی سیاسی و حیزبە سیاسییەکان، ڕوونی دوروشمەکان و خواستەکانی شەقام لەم شۆڕشەدا ڕێگەی لە دوودڵی و ناشەفافی گرتووە و هەموو ئیدەعا و دوروشمێکی سیاسیی خستەووەتە بەر لێکدانەوە و مەحەکی ڕاستەقینەی خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانە.
هاتنە مەیدانی بەرینی ژنان و بوونیان بە سەمبولی ئەو شۆڕشە و شکاندنی هەموو ئەو سنوور و تەلدڕوویەی حکوومەتی ئیسلامی بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیە بەدەوریانیدا تەنیبوو دەریخست کە شۆڕش لە قووڵایی دڵی شەقامەکانی کوردستاندا وەها پێشکەوتووە کە هەر حیزب و لایەنێک نەتوانێت خۆی لەگەڵدا بەڕۆژبکاتەوە لە ڕەوڕەوەی مێژوو وەدوادەکەوێ و ناتوانێ دەورێک لەو شۆڕشەدا بگێڕێ. فرەڕەهەندی و ئافراندنی هاوپشتی و هاوخەباتیی شۆڕشی ژینا وایکرد کە هەموو حیزب و لایەنەکان هەست بە پێویستیی هاوکاری و دۆزینەوەی هاوپەیمان بکەن بۆ ئەوەی توان و هێز و هیوای هەمووان ڕێکبخەن و بتوانن نوێنەرایەتیی ئەو هاودڵییە بکەن کە شۆڕش خولقاندوویەتی و ئەو هەوڵانەی لەو ڕێگەیەدا دران و ئەو هاوپەیمانییانەی سازکران ڕاستیی ئیدەعاکان و دوروشمەکانی بۆ خەڵک ڕوونکردەوە.
شۆڕشی ژینا جارێکی دیکە خەباتکاری، شۆڕشگێڕی و خۆڕاگری کردە کولتووری زاڵی کۆمەڵگا، دەور و جێگە و پێگەی ژنانی گۆڕی و تەنانەت ئاڵۆگۆڕی جیددی لە ڕوانی زاڵ بەرانبەر بە ژناندا پێکهێنا، ڕیگەی بۆ هاتنەمەیدانی کویرەکان و بنەماڵەی پەلکەزێڕینە خۆشکرد و ڕەنگاوەڕەنگی بە خەباتی جەماوەری بەخشی، دایکان و باوکان لە سەر گڵکۆی لاوە گیانبەختکردوەکانیان وتاری ئاگرینیان خوێندەوە و هیوا بە داهاتوویەکی جیاواز و وێنەی ژیانێکی نوێ مێشک و زەینی لاوان بەتایبەتی و خەڵکی بەگشتی داگرت، تەنانەت تەقەی ڕاستەوخۆ و وەحشیبوونی دەزگای داپڵۆسێنەری سەرکوتی حکوومەت نەیتوانی ئیرادەی خەڵک بشکێنێ و خەڵک چیدیکە لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکی نییە. شۆڕشی ژینا ژینێکی نوێی بەخشی بە خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد و هەموو ئەوانەی گیرۆدەی دەسەڵاتی داگیرکەر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی له كوردستان ئاستی ڕۆشنبیریی نەتەوەیی و مافخوازی و عەداڵەتخوازی و یەکسانیخوازیی بەرزتر کردووەتەوە و و لهو ماوه كورتهدا له سهر جیلی نوێ كاریگهریی زۆری داناوه. حیزبە سیاسییەکان و ڕابەرانیان بە پشتیوانیی هێزی جەماوەر و مەیل و ئاواتی خەڵک بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە ئازادی بەپێوەن و خاوەن ڕێز و جێگە و پێگەن، بۆیە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە وردی و بە شێوەی بنەڕەتی لە هەموو کار و ئاکار و بڕیار و وتووێژ و کونفرانس و هەڵسوکەوت و هاوپەیمانی و هاوکارییەکانیان دەڕوانێ و لێیان دەکۆڵێتەوە. نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای پشتیوانی لە حیزبە سیاسییەکانیان و خاوەنداریەتی لە ڕۆڵەکانیان لە ڕیزی خەباتی ئاشکرادا لە هیچ لادان و هەڵەیەک خۆشنابن و پشتیوانییان لە هەر ڕەوت و حیزب و ڕابەرێکی سیاسی بە پابەندبوون و وەفاداریی ئەو لایەن و تاکانە بە ئامانجەکانی گەل و خواستی شۆرش و ئاواتەکانی ڕاپەڕینەوە بەندە.
ئەم ئەزموون و دەرسانەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەخوازێ کە کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی سیاسیی کوردستان خەتی سیاسیی ڕوونی هەبێ بە پێداگرتن لەسەر سەروەریی سیاسیی نەتەوەی کورد و مافی میللەتی کورد بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆی و وڵاتی خۆی هاوکات دەبێ لە شێوەی کار و داڕەشتنی سیاسەتەکانیدا، هاوپشتی و هاوخەباتیی شەقام، پێشکەوتوویی لە ناوەرۆک و دروشمدا، شەفاف و ڕاستگۆ بوون لەگەڵ خەڵک و بزووتنەوە، لەخۆبردوویی و خۆبەخشی، دڵئاوەڵەبوون و ئامادەبوون بۆ بیستنی دەنگی هەمووان، کراوەبوون بۆ نوێگەری، ئامادەبوون بۆ شکاندنی قاڵب و بیرە کۆنەکان، ئاوەڵەبوون بۆ خەباتی هەموو چین و توێژ و مەیلێک، گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ جەماوەر، هەوڵ بۆ بەکۆمەڵ کردنی ڕابەرایەتیی و بڕیاردان، کردنەوەی مەیدان بە ڕووی لاوان، ژنان و کەمینەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ ڕابەرایەتی و بەرەوپێشبردنی خەبات و … لەبەرچاو بگرێ و بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ساڵانێکی دوورودرێژ خەبات و تێکۆشان لە کوردستان هیوای ڕزگاری و ئازادی لە دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا گەش ڕاگرێ و هێزی جەماوەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە ڕێکبخا.
١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی ڕێکەوتی ٦ی ژولای ٢٠٢٣ی زایینی