خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
لاوەکان، کیژان و کوڕانی کۆڵنەدەر!

بە زوویی چل ڕۆژ بە سەر کوشتنی ژینا دا تێپەڕ دەبێ. کوشتنی زاڵمانەی ئەو بوو بە ھۆی بزوتنەوەی گەورەی ژینا_مەھسا کە سنورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و گشت ئێرانی گرتەوە و ڕەوایی و عەداڵەتخوازیی بزوتنەوەی کوردستانی لای ھەموان سەلماند.

دەسەڵاتدارانی رژیم لەو ماوەدا بە توندترین شێواز خەڵکی ناڕازییان سەرکوت کردوە و دەستیان لە کوشتنی هاوڵاتیان نەپاراستوە و، بە دروست ناوی رژیمی منداڵ کوژیان بەسەردا بڕا.

بۆیە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر ھەموومان، ژن و پیاو لە ھەموو شوێن و شار، بە جلی کوردی لەسەر گڵکوی شەھیدان کۆ دەبینەوە و ڕێز دەگرین لە ئاوات و گیانبازیەکانیان. دواتر دوای نیوەڕۆکەی بە ئامادەبوونمان لەسەر شەقامەکانی شار و بە هەڵدانی دروشم دژی رژیم و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەموومان بە یەکدەنگ داوای ئازادیی خێرای ھەموو گیراوەکان دەکەین.
چلەی ژینا و ژیناکان دەکەینە ڕەمزی یەکگرتوویی گشتمان و زیندوو ڕاگرتنی یادی شەھیدان و پشتگیری لە ئازادبوونی زیندانییە سیاسییەکان.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
2ی خەزەڵوەری 1401

Share.

Leave A Reply