بە داخەوە شەوی ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، رێکەوتی ٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی، لە کاتێکدا جەماوەری ئێران و بە تایبەت کوردستان خەریکی خەباتێکی مەیدانی و جەماوەریە بە دژی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران، بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەی خۆی و دەوروبەری هەژاند کە زۆر بەداخەوە لە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچەکە زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی پێگەیشتووە
‎بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان لە کوردستانی رۆژهەڵات و بە تایبەت ناوچەی خۆی، بە سەدان کەس بریندار و ژمارەیەکی زۆری خەڵک ماڵوێران و دەربەدەر بوون.
‎ئێستاش کە ئەو ناوچانە تووشی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە هاتوون و پێویستی زۆر خێرا و دەستبەجێیان بە یارمەتی هەیە، بەداخەوە و بە پێی ئەو زانیارییانەی دەگەن و بڵاودەبنەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ئەوەی هێزەکانی بە تەواوی لە سەر سەرکوتی خەڵک لە سەر شەقامەکان چڕ کردۆتەوە، بەهیچ جۆرێک بەدەنگی خەڵکی زیان لێکەوتووی ناوچەکەوە نەچووە.

‎ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای دەربرینی هاوخەمی و هاودەردیی قووڵی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئەو هاونیشتمانیانەمان کە لەو رووداوەدا زیان و خەساریان دیوە، دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.
‎داواکارین لە خەڵکی بە ئەمەگ و تێکۆشەری کوردستان بە هەموو هێز و توانایانەوە بە هانای زیانلێکەوتووان و قوربانیانی ئەو کارەساتەوە بچن و، دەرفەتی هیچ چەشنە مانۆر و کەڵک وەرگرتنێک لەم کارەساتە بە رژیمی ئیسلامی ئێران نەدەن.
‎کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٣ی خەزەلوەری ١٤٠١

Share.

Leave A Reply